بومەلەرزەیەك بەهێزی 5.7 پلەی رێختەر ژاپۆنی هەژاند

عیراق 01:09 PM - 2026/11/08

بوومەلەرزەیەك بەهێزی 5.7 پلەی رێختەر، ناوەڕاستی ژاپۆنی  هەژاند و 22 كەس برینداربوون.
دەزگای كەشناسی ژاپۆن هێزی بوومەلەرزەكەی بە 5.7 پلە ڕاگەیاندووە، لە كاتێكدا لێكۆڵینەوەی جیۆلۆجی ئەمریكی بە 5.5 پلە راگەیاندووە. هەروەها چەندین بوومەلەرزەی لاوازتر لە دوای بوومەلەرزە سەرەكییەكە تۆماركراون.

بوومەلەرزەكە لە قووڵایی نزیكەی 40 كیلۆمەتر لە ژێر رووی زەوی لە پارێزگای شیزۆكا تۆماركراوە و كاریگەرییەكەی بۆ ناوچەیەكی فراوانی نزیك پارێزگای ئایچی درێژبووەتەوە ، لەوانە شاری هاماماتسو، پایتەختە كۆنەكانی كیۆتۆ و نارا، پارێزگای یاماناشی كە چیای فوجی لێیە و پارێزگای گیفو.

لە گرتە ڤیدیۆییەكانی تەلەفزیۆنی ژاپۆنیدا دەركەوتووە كە پەنجەرەی دوكانەكان شكاوە و  پارچە شووشەكان لە شەقامەكاندا بڵاوبوونەتەوە، هەروەها كۆمەڵێك كتێب كە لە ڕەفەكانی كتێبخانەیەكەوە كەوتوونەتە خوارەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە كە هەواڵەكان باس لەوە دەكەن كە خەڵك بەهۆی كەوتنەخوارەوە لەسەر پلیكانەكان لەكاتی هەوڵدان بۆ هەڵهاتن لە باڵەخانەكان برینداربوون.

وەك ڕێكارێكی خۆپارێزیش، شەمەندۆفەرە خێراكانی شینكانسن بە خێرایی خاوتر لە ناوچە زیانلێكەوتووەكاندا دەستیان بە كاركردن كرد بۆ ئەوەی هیچ زیانێكی ئەگەری بە هێڵەكانی شەمەندۆفەر نەگات كە لەسەری دەڕۆن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو