حوسییەكان لەڕێگەی ئیمەیڵەوە مۆڵەتی تێپەڕبوون دەدەنە كەشتییەكانی بابولمەندەب

عیراق 01:16 PM - 2026/11/08

بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، حوسییەكانی یەمەن لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە چاودێری و بەڕێوەبردنی هاتوچۆی كەشتیوانی لە گەرووی ستراتیژیی بابولمەندەب لەسەر دەریای سوور دەكەن. ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە دێت كە گرووپەكە رایگەیاندبوو رێگری لە تێپەڕبوونی كەشتییە سعودییەكان دەكات.

ڕۆژنامەكە پشتبەستن بە لێدوانی كارمەندانی كەشتییەكان و دەقی چەند ئیمەیڵێك ئاشكرای كردووە، ئەو كەشتییانەی پێش تێپەڕبوونیان پەیوەندی بە حوسییەكانەوە دەكەن و داوای ڕێگەپێدان دەكەن، لە ماوەی 24 سەعاتدا وەڵام وەردەگرنەوە.

لە یەكێك لە ئیمەیڵەكاندا، كاپتنی كەشتییەك نووسیویەتی كەشتییەكەیان هیچ پەیوەندییەكی بە ئیسرائیل، بەریتانیا یان ئەمریكاوە نییە و داوای گرەنتی سەلامەتی دەكات، چونكە ئەو كەشتییانەی گومانی پەیوەندییان لەگەڵ ئەو سێ وڵاتە لێدەكرێت، لە رابردوودا رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە.

لە بەرامبەردا، لە ئیمەیڵێكی تردا كە ئاڕاستەی كەشتییەكی چینی كراوە، حوسییەكان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕیوە كە لایەنی چینی پابەندی پێوەر و قەدەغەكردنی گواستنەوەی كەرەستە دیاریكراوەكان بووە.

هاوكات، حوسییەكان لە راگەیەندراوێكدا ئاماری مانگی رابردوویان بڵاوكردووەتەوە و رایانگەیاندووە  هەزار و 83 كەشتی بە سەلامەتی بە گەرووی بابولمەندەبدا تێپەڕیون  لە ژمارەیەش 550 كەشتی بەرەو باكوور و 533 كەشتی بەرەو باشوور. گرووپەكە ئەم ژمارەیەی وەك بەڵگەیەك گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی كە كەشتیوانی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی ئاسایی و بێ رێگری لە ناوچەكەدا بەردەوامە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو