بە بیانووی پەیوەندی بە گرووپە چەكدارەكان عەلی زەیدی ژمارەیەك گرێبەستی هەڵوەشاندەوە

عیراق 03:40 PM - 2026/11/08

عەلی زەیدی فەرمانی كرد بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی سێ كۆمپانیا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی  مووسڵ بەهۆی پەیوەندییان بە گرووپە چەكدارەكانەوە و بڕیاری دا كارەكانیان بسپێردرێت بە كۆمپانیا جیهانییەكان.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە، عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق پێشوازی لە عەبدولقادر ئەحمەد دەخیل، پارێزگاری نەینەوا و ڕائید حەمید حوسێن، سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی نەینەوا كرد. لەم دیدارەدا دۆخی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی پارێزگاكە تاوتوێ كران. لە كۆبوونەوەكەدا زەیدی فەرمانی كرد ڕێكارەكانی كردنەوەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵ خێرا بكرێن.

سەرچاوەیەك بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، سەرۆك وەزیران فەرمانی كردووە بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كۆمپانیای (سكای پڵەس) كە تایبەت بوو بە بەكرێگرتنی شوێنی پشكنینی جانتا و خزمەتگوزارییەكانی فڕۆكەخانەی موسڵ، ئەوەش بەهۆی پەیوەندیی بە گرووپە چەكدارەكان. بڕیاریشی داوە گرێبەستەكە بدرێت بە كۆمپانیا جیهانییەكان.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، زەیدی فەرمانی هاوشێوەی دەركردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی بەكرێگرتنی گەراجی ناوخۆیی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی موسڵ لەگەڵ كۆمپانیای سەما ئەلمەتار هاوكات گرێبەستی بەكرێگرتنی نووسینگەی تاكسی فڕۆكەخانەكە لەگەڵ كۆمپانیای ئەلفەیسەڵ ئەلشامخ هەڵوەشاندووەتەوە و گرێبەستەكانێش دەدرێنە كۆمپانیا جیهانییەكان.

ئەوەش لەكاتێكدایە، كردنەوەی فڕۆكەخانەی موسڵ ژمارەیەك بەربەرستی لەپێشە و زیاتر لە ساڵێكە بەسەر وادەی كردنەوەی تێپەڕێوە بێ ئەوەی بە رەسمی دەست بە كارەكانی بكات.

سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی گواستنەوە مانگی تشرینی دووەمی 2025ی وەك وادەی كردنەوەی رەسمی فڕۆكەخانەكە دیاری كرد، گەشتە ئاسمانییەكان بەهۆی تەواونەكردنی مەرجەكانی مۆڵەتدان و نەخشە ئاسمانییەكانەوە بە بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنی لەناكاو ڕاوەستان.
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیش، دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنیی عیراق ڕایگەیاند، هۆكاری نەكرانەوەی فڕۆكەخانەكە بۆ تەواونەكردنی چەند پێداویستییەكی سەرەكی دەگەڕێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو